‌‌‌‌ ‌مه‌به‌ستی ئه‌م سه‌کۆیه‌ شۆربوونه‌وه‌یه‌ به‌ناخی تاک و ژینگه‌ی کومه‌ڵایه‌تی مرۆڤدا

صورتي
Sydney, Australia
selah.germian@yahoo.com.au بۆ خستنه‌ڕووی هه‌ر بیروڕاو بۆچوون تکایه په‌یوه‌ندی بکه‌ به ڕێێ ئه‌م ئیمێڵه‌وه ‌

12.4.09

له‌ باره‌ی كه‌سێتی تاکی کورده‌وه‌


( زۆر جار له‌ده‌می پسپۆران و ته‌نانه‌ت ڕای گشتی خه‌ڵکیش وه‌هایه‌ که‌ تاکی کورد له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه‌ ئاڵۆزی زۆره‌ ، ئایا تۆ له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌دایت ؟ بۆچی ؟ )
::
پێموایه‌ ئه‌م پرسیاره‌ و هه‌ر پرسیارێکی تر له‌ باره‌ی تاکی کورده‌وه‌ یان تاک له‌ هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌کی تردا‌، پێویست به‌ دیراسه‌کردن و توێژینه‌وه‌ ئه‌کات. هه‌ر وه‌ڵامێک له‌م باره‌یه‌وه‌ ته‌نیا ئه‌چێته‌ قاڵبی ڕاوبۆچوونی تاکه‌که‌سییه‌وه‌، بۆیه‌ مه‌رج نیه‌ ڕاستییه‌کی کۆنکریت و زانستییانه‌ بخاته‌ڕوو.به‌ پێی لێکدانه‌وه‌ی من بۆ ئه‌م لایه‌نه‌، به‌ پشت به‌ستن به‌و ڕاستییه‌ی که‌ سه‌لمێنراوه‌ له‌باره‌ی ڕؤڵی ژینگه‌ی‌ کۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌ر که‌سێتی تاک، ئه‌توانم بڵێم که‌ ئه‌و ژینگه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و جوگرافیاییه که‌ کورد تیادا ژییاوه‌ و خۆی له‌ دابه‌شبوونی کوردستان و بارودۆخی‌ سیاسیی ئه‌بینێته‌وه‌ که‌ تیایدا دووچاری سیاسه‌تی سه‌رکوتکردن و هه‌وڵی له‌ناوبردنی بوون و زمان و کولتوور بووه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن ڕژێمی ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌ کوردستانی به‌سه‌ردا دابه‌شکراوه‌‌، کاردانه‌وه‌یه‌کی ئێجگار زۆریان هه‌بووه‌ به‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندی تاکی کورده‌وه‌. زمانیش دیاره‌ بنه‌مایه‌کی سه‌ره‌کی ناسنامه و که‌سێتی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌که‌. به‌ڵام کورد هه‌رچه‌نده‌ زمانیێکی جیاوازی به‌ خۆوه‌ هه‌یه، که‌چی‌ تا ئێستا خاوه‌ن زمانێکی یه‌کگرتوو نیه، به‌ڵکو له‌ به‌شێکی گه‌وڕه‌ی کوردستاندا، نه‌ک هه‌ر ئاشنا نین به‌‌ زمانی کوردی، به‌ڵکو زاره‌وه‌ی ناوچه‌که‌ی خۆشیان نازانن زۆربه‌یان به‌زمانی تورکی ده‌ئاخڤن. هه‌موومان ئه‌و ڕاستییه‌ ئه‌زانین که‌ زۆر به‌ده‌گمه‌ن ‌ کرمانجێکی ژوورو له‌ هه‌ورامییه‌ک، یان فه‌یلییه‌ک له‌ زازاکییه‌ک، یان سۆرانییه‌ک له‌ بادینییه‌ک به‌ ئاسانی تێبگات‌.ئه‌وه‌و تا ئیستا کورد به‌ دوای ناسنامه‌وه‌ وێڵه‌ و نائومێدی تاکه‌که‌سی کورد له‌ سه‌ربه‌خۆیی نه‌ک هه‌موو نیشتمانه‌که‌ی، به‌ڵکو هه‌رێمی کوردستان که‌ به‌ناوه‌ فیدرالییه‌ له‌ چوارچێوه‌ی عێراقدا، هێشتا له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و بگره‌ له ترس و‌ دڵه‌ڕاوکێ ئه‌وه‌دایه‌ که‌ ڕژێمی ئێستای عێراق پابه‌ند نه‌بێت به‌و ده‌ستوره‌ی که‌ دان به‌ کوردستان ئه‌نێت وه‌ک هه‌رێمێکی فیدرالی و هه‌رکاتێک ببێته‌ خاوه‌ن هێزوتوانا هه‌مان سیاسه‌تی ڕژێمه‌ کۆنه‌کانی عێراق بگرێته‌ به‌ر. ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ش‌ زیاتر ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو‌‌. بۆ نموونه‌، تا ئێستا کورد به‌ چاوی دوژمن و وه‌ک هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک بۆ سه‌ر یه‌کپارچه‌یی عێراق سه‌یرئه‌کرێت. له‌ باشترین حاڵه‌تدا عه‌ره‌ب و هه‌روه‌ها تورک و فارسیش له‌ به‌شه‌کانی تری کوردستاندا خۆیان به‌ خاوه‌ن ماڵ و براگه‌وره‌ دائه‌نێن له‌ به‌رامبه‌ر به‌ کورد. بۆیه‌ له‌ باره‌ی سایکۆڵۆجییه‌وه من وای ئه‌بینم که‌سێتی کورد نه‌ک هه‌ر که‌سێتییه‌کی ئاڵۆزه‌، به‌ڵکو که‌سێتییه‌کی داشکاو و به‌ دڵه‌ڕاوکێیه‌‌. هۆی سه‌ره‌کیشی ئه‌گه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ فاکته‌رانه‌ی ئاماژه‌م پیدان له‌پاڵ ئه‌و توندو تیژییه‌ی کورد به‌ره‌وڕووی بووه‌ته‌وه‌ تا ئه‌گاته‌ جینۆسایدکردنی به‌ شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک له‌ لایه‌ن ڕژێمه‌ ناسیۆنالێسته‌کانی ناوچه‌که‌وه‌ و به‌ تایبه‌تی له‌ شاڵاوه‌کانی ئه‌نفال و کیمابارانی هه‌ڵه‌بجه‌و ناوچه‌کانی تری کوردستاندا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌و هه‌سته‌ی که‌ له‌لای کورد بمانه‌وه‌ێ و نه‌مانه‌وێت دروست بووه‌ وه‌ک برا بچوکێتی گه‌لانی دراوسێ، تا ئێستا‌ نه‌یتوانییوه رزگاری بێت. مه‌ترسی دووباره‌ بوونه‌وه‌ی جێنۆسایدکردندنی هه‌ر له‌ ئارادایه‌ به‌ هۆی نادیاری بارودۆخی سیاسی کوردستان و ناوچه‌که‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی په‌یتاپه‌یتای برا دوژمنه‌کانی ده‌وروبه‌ری و گه‌نده‌ڵی و نا عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌می خزمه‌تگوزاریی و به‌رزبوونی ڕێژه‌ی بێکاری که‌ هه‌موو فاکته‌رن بۆ بێمتمانه‌ی به‌ ده‌سه‌ڵاتی ئێستای هه‌رێم کوردستان و پاشه‌ڕۆژێکی باشتر. بۆیه‌ ئه‌توانم بڵێم که‌ که‌سێتی کورد له‌ قه‌یراندایه و ئاوڕدانه‌وه‌یکی ته‌واو و بایه‌خدان و کارکردنێکی به‌ربڵاوی ئه‌وێت بۆ ده‌ربازبوونی له‌و قه‌یرانه‌ و ڕه‌واندنه‌وه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوکی و نائارامی ده‌روونی که‌ له‌ناخی تاکی کوردا چه‌سپاوه‌.

ليست هناك تعليقات: